
ژمارەیەك لایەنی سیاسی كوردستانی لەشاری كەركوك لەسەر لێدوانەكانی ئەرشەد ساڵحی ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق كۆبونەوەو راگەیەنراوێكی هاوبەشیان بڵاوكردەوە.
لەبەشێكی ئەو راگەیەنراوەدا ئاماژە بەوەكراوە، وەك حزب و لایەنە سیاسییە كوردستانییەكان لە كەركوك بەتوندی وتەكانی پەرلەمانتار ئەرشەد ساڵحی ئیدانە دەكەین كە لەكەناڵی ئەلعیراقیە بەشی توركمانی بەدەنگێكی نەشازو نابەرپرسانە بەرامبەر كەركوكیەكان و دور لەبەهای پێكەوەژیان بێڕێزیەكی زۆری بە شەهیدانی ساڵی 1963ـی شاری كەركوك كرد، ئەو 29 شەهیدە كوردەی كە لە سێدارەدران لەو ساڵەدا بەتاوانبار لەقەڵەمیداوە.
ئاماژەشیانكردوە، ئەوە لای ئێمە جێگای قبوڵكردن نییە وێڕای ئەوەی شێواندنی مێژوی خەبات و قوربانیدانی میلەتەكەمانە تۆمەتێكی ناڕەوایە دژی ئەو پۆلە شەهیدە، بەداخەوە وتەی ئەو پەرلەمانتارە نەدەبوو لەلایەن كەنالی عیراقییەوە پەخشبكرایەو كەناڵەكە ببوایە بەمینبەری ئەو قسانە، چونكە كەناڵی فەرمی دەوڵەتە، بۆیە داوكارین بەڕێوەبەرانی كەناڵەكە بەپەلە داوای لێبوردن لە گەلانی عیراق و بەتایبەت كەركوكییەكان بكەن.
لایەنە سیاسییەكانی كەركوك راشیانگەیاندوە ئەو وتانەی ئەرشەد ساڵحی دەچێتە چوارچێوەی (تێكدانی ئاشتەوایی نشتیمانی) كە خزمەت بەگیانی پێكەوە ژیانی ئاشتیانەی كەركوك ناكات، داواكاریشین لە حزب و لایەنە سیاسییە توركمانییەكان و داواكاری گشتی عیراق هەڵوێستی جدیان لەوبارەیەوە هەبێت.


