
چەكدارێكی بەریتانی كە شەڕی دژی روسیای كردووە و لە كۆماری دۆنیتسكی میللی دەستگیر كراوە وتویەتی، ئەمریكا شەڕی ئۆكرانیا بۆ ئەوە بەكاردەهێنێت، تاوەكو چەك بە كوردەكانی سوریا بفرۆشێت.
میدیا روسییەكان لە زاری “ئایدن ئاسلین”ی بەریتانییەوە بڵاویان كردووەتەوە، ئۆكرانیا بە ئەنقەست چەك و پێداویستییە سەربازییە ئەمریكییەكان لەدەست دەدات و پێی وایە، ئەمریكا ئۆكرانیا بەكاردەهێنێت بۆ ئەوەی چەك بە كوردەكانی سوریا بفرۆشێت.
ئەو چەكدارە بەریتانییە باسی لەوەش كردووە، گروپێكی دیاری كراوی ئۆكرانیا هاتوون و پرسیاری ئەوەیان لێكردووە كە پەیوەندی لەگەڵ كوردەكانی سوریا چۆنە، داوای هاوكارییان لێكردووە بۆ ئەوەی پەیوەندییان پێوە بكەن، كاتێك لێی پرسیوون بۆچی دەیانەوێت پەیوەندی بە كوردەكانەوە بكەن وتویانە، دەیانەوێت چەكیان پێ بفرۆشن.
ئایدن ئاسلین پێشتریش لە ریزەكانی هێزە كوردیەكان لە سوریا شەڕی كردووە و ئێستا لەلایەن كۆماری دۆنیتسك دەستگیر كراوە و سزای لە سێدارەدانی بەسەردا سەپێنراوە.

