
چوارچێوەی هەماهەنگی بڕیاریدا كە هەریەكە لە هادی عامری سەرۆكی هاوپەیمانی فەتح و نوری مالیكی سەرۆكی ئیئتلافی دەوڵەتی یاسا خۆیان بۆ پۆستی سەرۆك وەزیران كاندید نەكەن.
دوای كۆبوونەوەی چوارچێوەی هەماهەنگی لە بەیاننامەیەكدا ئاماژەیان لەوەداوە، لە كۆبوونەوەكەدا بڕیار دراوە هەریەكە لە عامری و مالیكی خۆیان بۆ پۆستی سەرۆك وەزیران كاندید نەكەن، هەروەها سەركردەكانی چوارچێوەی هەماهەنگی جەختیان لەوە كردووەتەوە كە نابێت كاندیدی سەرۆكوەزیران سەر بە لایەنێكی دیاریكراو بێت، بەڵكو دەبێت كاندیدی هەموو لایەنەكانی ناو چوارچێوەكە بێت.
هەر بەپێی راگەیەندراوەكە، رێككەوتن كراوە لەسەر ئەوەی سەركردایەتیكردن بەكۆمەڵ بێت بۆ وەرگرتنی بڕیاری چارەنووسساز و ستراتیجی لە سەرجەم رێككەوتنە سیاسی و ئابووری و كۆمەڵایەتییەكاندا، بەڵام بەڕێوەبردن بۆ سەرۆكی حكومەت و تیمە وەزاریەكەی جێبهێڵرێت.
لە بەشێكی تری راگەیەندراوەكەی چوارچێوەی هەماهەنگی ئاماژە بەوە دراوە، بڕیاردرا پێوەری تایبەت هەبێت بۆ هەڵبژاردنی وەزیرەكان لەڕووی كارایی و دەستپاكییەوە، هەروەها بە بەشداری سەرجەم كورد و سوننە و پێكهاتەكانی تر كە بەشداری لە حكومەت دەكەن بە بێ جیاوازی، رێككەوتن لەسەر وەرگرتنی كاندیدی وەزیرەكانی فراكسیۆنی سەدر بەپێی شایستەی هەڵبژاردنەكانیان پێش كشانەوە و دەستلەكاركێشانەوە.

