
زیاد جەبار سەرۆكی فراكسیۆنی یەكێتی لە پەرلەمانی كوردستان رایگەیاند، پرۆژەیەكیان لەگەڵ هێزە سیاسیەكان بەبێ پارتی پێشكەش كردوە بۆ هەمواری یاسای هەڵبژاردنەكان، هەموو هێزە سیاسیەكان سازاون لەسەر هەمواركردنەوەی تەنها پارتی نەسازاوە لەگەڵیان.
زیاد جەبار لە لێدوانێكی بۆ دەنگی ئەمریكا ووتی، پرۆژەیەكیان پێشكەش كردوە بۆ هەمواری یاسای هەڵبژاردنەكان، واتە یەكێتی و ئەو هێزە سیاسیانە رێككەوتوون كە هەموار بكرێتەوە ، بەڵام تاوەكو ئێستا پارتی لەگەڵیان نەسازاوە لەسەر پرۆژەكە لەولاشەوە بەخەڵكی كوردستان دەڵێت دەبێت بسازێین بەتایبەت لەسەر پرۆژەی یاسای هەڵبژاردن و یاسای كۆمسیۆن.
هێمای بۆ ئەوەشكردوە، یاسای هەڵبژاردن و كۆمیسیۆن دوو یاسان ڕەهەندی نیشتیمانیان هەیە پێویست دەكات سازانی نیشتیمانی لەسەر بكرێت لەنێوان هەموو هێزە سیاسیەكان نەك تەنها ئەو هێزانەی لەحكومەتن، یاسای هەڵبژاردن 30 ساڵە دەرچووە و كەموكوڕیەكی زۆری تێدایە پێویستە هەموار بكرێتەوە.
لێدوانەكەی سەرۆكی فراكسیۆنی یەكێتی لە كاتێكدایە دوێنێ خەسرەو گۆران بەرپرسی هەڵبژاردنی پارتی دیموكراتی كوردستان رایگەیاندبوو یەكێتی هۆكاری سەرەكی ئەنجامنەدانی هەڵبژاردنی كوردستانە، بەهۆكاری ئەوەی سەرۆكی پەرلەمان لە یەكێتییە، ئامادە نییە هیچ دانیشتنێك بەڕێوەببات بۆ كاراكردنەوەی كۆمیسیۆن.

