
وەزارەتی كۆچ و كۆچبەرانی عیراق سەبارەت بە ئەگەری تۆپباران كردنی خێوەتگەی ئاوارەكان لە دهۆك دڵنیایی دەدات و جەخت لەوە دەكاتەوە، ئەو خێوەتگانە پارێزراون و دوورن لە گرژییە سەربازییەكان.
لەو بارەیەوە عەباس جهاكیر وتەبێژی وەزارەتی كۆچ و كۆچبەرانی عیراق بە رۆژنامەی سەباحی نیمچە فەرمی وتووە، وەزارەتەكەیان بەدواداچوون بۆ بارودۆخی ئەو ئاوارانە دەكات كە لە هەرێمی كوردستانن، بەتایبەتی لە پارێزگای دهۆك.
رونیشیكردووەتەوە، ئەو شوێنانەی خێوەتگەكانی تێدایە پارێزراون و لە ناوچەی سەقامگیرن، بارودۆخی ئاوارەكان لە رووی ئەمنییەوە جێی نیگەرانی نییە و بە تەواوەتی دوورن لە ناوچەكانی كێشمەكێشە سەربازییەكان.
ئەوەش دوای ئەوەدێت، ئاوارەكانی خێوەتگەكانی دهۆك نیگەرانی و ترسی خۆیان لە ئەگەری تۆپباران كردنی خێوەتگەكانیان لەلایەن سوپای توركیاوە پیشاندا و داواش دەكەن كێشە ئابوریی و كۆمەڵایەتی و سیاسیەكان چارەسە بكرێن لە پێناو گەڕانەوەیان بۆ ناوچەكانیان.

