
هەواڵگری ئێرانی دەستگیر كردنی تۆڕێكی سیخوڕی ئیسرائیلی راگەیاند كە گوایە لە هەرێمی كوردستان چونەتە ناو خاكی ئێران.
هەواڵگری ئێرانی بڵاویكردووەتەوە، تۆڕێكی سیخوڕی ئیسرائیلی دەستگیر كراون كە پەیوەندییان بە دەزگای هەواڵگری “مۆساد”ەوە هەبووە و پێشكەوتوترین ئامێرەكانی پەیوەندییان بەكارهێناوە و بەهێزترین مادەكانی تەقینەوەیان پێبووە.
رونیشكراوەتەوە، تۆڕەكە لە هەرێمی كوردستانەوە چونەتە خاكی ئێران و ئامانجیان كاری تێكدەرانە بووە لە هەندێك خاڵی هەستیار و ئامانجی دیاری كراو، لێكۆڵینەوەش لەگەڵ تۆڕەكە بەردەوامە.
ئەمەش دوای ئەوەدێت، پێشتر ماڵپەڕی “ئێران ئینتەرناشناڵا” راپۆرتێكی لەسەر ئەوە بڵاوكردەوە، كە تۆڕێكی سیخوڕی ئیسرائیلی لەناو خاكی ئێراندا لێكۆڵینەوەیان لەگەڵ بەرپرسێكی گەورەی سوپای پاسداران كردووە بەناوی “یەدوڵڵا خدمەتی” و زانیاریان لەسەر چۆنێتی گواستنەوەی چەكی ئێرانی بۆ سوریا و عیراق و لوبنان و یەمەن دەستكەوتووە.


