
مەزڵوم عەبدی فەرماندەی گشتی هێزەكانی سوریا دیموكرات “هەسەدە” ئاشكرای كرد، جێگرێكی بەناوی جیان عەفرین لەگەڵ دوو پاسەوانی لەلایەن فڕۆكەیەكی بێفڕۆكەوانەوە كوژراون.
مەزڵوم عەبدی لە تۆڕی كۆمەڵایەتی تویتەر بڵاویكردووەتەوە، جیان عەفرین فەرماندەی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەكان لەگەڵ هاوپەیمانی نێودەوڵەتی و دوو هاوڕێیان بەناوەكانی “رۆژ” و “بارین” لەلایەن توركیاوە كراونەتە ئامانج.
ئاماژەی بەوەشداوە، ئەو كەسانە پاڵەوانی شەڕی دژی رێكخراوی داعش و رزگاركردنی مرۆڤن لەو رێكخراوە، بەئامانج گرتنیان پێشێلكاریە و دروستكردنی بەربەستە لەبەردەم شەڕی داعش.
مەزڵوم عەبدی جەختی لەوەش كردووەتەوە، لەسەر هاوبەشەكان پێویستە كە هەوڵی زیاتر بدەن بۆ وەستاندنی ئەو دەستدرێژیانە، بێدەنگ نابن و تۆڵەی شەهیدەكانیان دەكەنەوە.
لای خۆشیەوە فەرمادەیی ناوەندی سوپای ئەمریكا پرسە و سەرەخۆشی خۆی بۆ كەسوكاری ئەو شەڕڤانانە راگەیاندوە و نوسیویەتی، لە رۆژی 22ی تەموز لە ئۆتۆمبێلێكدا كراونەتە ئامانج.
جیان عەفرین كە ناوی راستەقینەی “سەلوە یوسف”ە رۆڵێكی دیاری هەبووە لە روبەڕوبونەوەی رێكخراوی داعش و كراوە بە فەرماندەی “یەكەی روبەڕوبونەوەی تیرۆر”.


