
ئەندامێكی پەرلەمانی كوردستان هۆشداری دەدات لەوەی، بەهۆی نەمانی دەرمانەوە مەترسی هەیە رۆژانە 30 بۆ 35 هاوڵاتی لە نەخۆشخانەی بوژانەوەی دڵ لە سلێمانی گیان لەدەست بدەن.
دابان محەمەد لە تۆڕی كۆمەڵایەتی فەیسبووك نوسیویەتی، چ حكومەتێك ئاوا سەیری مردنی خەڵكەكەی دەكات!، لە نەخۆشخانەی بوژاندنەوەی دڵ سەرجەم نەشتەرگەرییە ساردەكان راگیراون، رۆژانە 30 بۆ 35 هاوڵاتیش بەهۆی جەڵتەی دڵەوە پێویستیان بە نەشتەرگەری خێرا هەیە، تەنیا بەشی یەك هەفتە دەرمانی پزیشكی لە بەردەستە، دوای هەفتەیەكی تر ئەوەش رادەگیرێت، ئیتر لە سلێمانی رۆژانە 30 بۆ 35 كەس گیان لەدەست دەدەن.
لە بەشێكی تری نوسینكەیدا ئەو پەرلەمانتارە باسی لەوە كردووە، لە نەخۆشخانەی شێرپەنجە نزیكەی 600 كەس گیانیان لە مەترسیدایە و بەرەو پیری مردن دەبرێن، چونكە ئامێرەكانی تیشك لەكار كەوتون و چاكردنەوەی بەردەوامیان دەوێت، خەڵك بووە كاتێك سەرەی بەركەوتووە و تەلەفۆنیان بۆ كردووە كەسوكارەكەی وتویانە مردووە، هەبووە شێرپەنجەی بووە و چارەسەری زۆر ئاسان بووە، كاتێك سەرەی بەركەوتووە لە هیچ نەخۆشخانەیەكی جیهان ناتوانرێت چارەسەری بۆ بكرێت.
ئەو پەرلەمانتارە هێمای بۆ ئەوەش كردووە، سەیر ئەوەیە پاڵەوانەكانی دۆلار لەم كابینەیە، ژمارەی قەبە لە داهاتی فرۆشتنی نەوت دەخەنەڕوو كە یەك ملیار و 300 ملیۆن دۆلار مانگانەیە، ژمارەی قەبە لە زیادكردنی داهاتی ناوخۆ دەخەنەڕوو كە هەندێك مانگ گەیشتوەتە 400 ملیار دینار، لە هەمووی سەیرتر باس لە دانەوەی ملیاران دۆلار قەرز دەكەن بە كۆمپانیا و وڵاتان، لەناو ئەم ژمارە گەورانە ئەوەی بێ نرخە گیانی خەڵكە، هیچ حكومەتێك لە دنیا هێندە بێ باك نیە دانیشێت سەیری مردنی خەڵكەكەی بكات.


