
غالب محەمەد ئەندامی پێشووی پەرلەمانی عیراق دەڵێت، حكومەتی هەرێم 33%ی كارەبا دەداتە پارێزگای سلێمانی لەكاتێكدا 47%ی هاوبەشانی كارەبا لەو سنورەن و داوا لە جێگری سەرۆكی حكومەتی هەرێم و تیمەكانی یەكێتی و گۆڕان لە حكومەت دەكات هەڵوێستیان هەبێت.
غالب محەمەد لە تۆڕی كۆمەڵایەتی فەیسبووك نوسیویەتی، دەسەڵات دەڵێت لەسەر بنەمای ژمارەی ئۆتۆمبێل بەنزین دابەشدەكەن بەسەر پارێزگاكاندا، كەواتە دەبێت لەسەر بنەمای هاوبەشی كارەبا، كارەبا دابەشبكەن.
بەپێی وتەی ئەو پەرلەمانتارەی پێشوو، لە ئێستادا سنوری سلێمانی تەنها 33%ی كارەبای هەرێمی پێدەدرێت، لەكاتێكدا 47%ی هاوبەشانی كارەبا لەم سنورەن، بۆیە داوای هەڵوێست لە جێگری سەرۆكی حكومەت و تیمەكانی گۆڕان و یەكێتی لە حكومەت دەكات لەسەر ئەو جیاكارییە.
بەپێی بڕیارێكی حكومەتی هەرێم، سیستمی دابەشكردنی بەنزین بەسەر پارێزگاكاندا دەگۆڕێت و هەر پارێزگایەك بەپێی ژمارەی ئۆتۆمبێل بەنزینی 800 دیناری و 690 دیناری پێدەدرێت و بەو پێیەش پارێزگای هەولێر 57.2%ی بەنزین و سلێمانی 29.2% و دهۆك 13.5%یان بەردەكەوێت، لەكاتێكدا پێشتر هەولێر و سلێمانی 40% و دهۆك 20%یان بەردەكەوت.


