
وەزارەتی كۆچ و كۆچبەرانی عیراق داخستنی 50 كەمپی ئاوارەكانی راگەیاند و جەخت لەوەش دەكاتەوە، لەناوچەكەدا 26 كەمپ ماون و داوا لە هەرێمی كوردستان دەكەن هاوكاریان بن بۆ كۆتایی هێنان بە پرسی كەمپی ئاوارەكان.
كەریم نووری بریكاری وەزارەتی كۆچ و كۆچبەران بە ئاژانسی هەواڵگری عیراقییەی وتووە، كۆتایی هێنان بە كەمپەكان لە عیراق روبەڕوبونەوەی ئاڵنگاریەكان و ئاستەنگ و سەختیەكانە، وەزارەتەكە هەموو هەوڵێكی داوە بۆ گەڕاندنەوەی ئاوارەكان.
جەختی لەوەش كردووەتەوە، لەم ماوەیەدا وەزارەت 50 كەمپی داخستووە و تەنها كەمپی “ئەلجدعە ” لە موسڵ ماوەتەوە و بە گشتیش 26 كەمپ لە ناوچەكەدا ماونەتەوە، هیواخوازن هەرێمی كوردستان هاوكارییان بكات و كۆتایی بە كاركردن بهێنێت لە پرسی ئاوارەكان.
بریكاری وەزارەتی كۆچ و كۆچبەران باسی لەوەش كردووە، زۆربەی ئاوارەكان خەڵكی شەنگالن و هەروەها خەڵكی موسڵ و سەڵاحدینیشی تێدایە، وەزارەتەكە دەستی بە بەرنامەی یەكخستنەوەی كۆمەڵگا كردووە، بەتایبەت بەرنامەی بۆ منداڵە ئاوارەكان هەیە، لەوانەش ئەوانەی لە حەسەكەوە رویان لە عیراق كردووە.


