
ڤیان سەبری سەرۆكی فراكسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عیراق رایگەیاند، حزبەكەی لەبارەی كاندیدی سەرۆك كۆمار 2 پێشنیازی نوێی داوەتە یەكێتی، بەمنزیكانەش مەكتەبی سیاسی هەردوو حزب لە ئاستی باڵا كۆدەبنەوە.
ڤیان سەبری لە چاوپێكەوتنێكی تەلەفزیۆنیدا ئاشكرایكردووە، لەو دوو پێشنیازەی پارتی لە بارەی پرسی سەرۆك كۆمارەوە بۆ یەكێتی كردوە، یەكیان یەكلایكردنەوەی پرسیەكەیە لە پەرلەمانی كوردستان بە شێوەیەك ناوی كاندیدەكان بخرێنە دەنگدانەوە و لەوێوە كاندیدێك بۆ كورد دیاری بكرێت.
هێمای بۆ ئەوەشكردووە، پێشنیازەكەی دیكەش رێككەوتنێكی سیاسییە بەڵام ناتوانێت ئێستا بیڵێت، ئەو پێشنیازانەیان داوەتە یەكێتی و چاوەڕێی وەڵامی ئەوانن، هەوڵدەدەن ئەوەی لە 2018 رویدا دووبارە نەبێتەوە و كورد یەك كاندیدی هەبێت، چونكە ئەوە بۆ كورد باشترە.
سەرۆكی فراكسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عیراق ئەوەشی خستوەتەڕوو، بەمنزیكانە هەردوو مەكتەبی سیاسی پارتی و یەكێتی لە ئاستی باڵا لەوبارەیەوە كۆدەبنەوە.

