
پەرلەمانتارێكی كوردستان رایدەگەیەنێت، نزیكەی 30 هەزار هاووڵاتی خاوەن پێداویستی تایبەت 10 ساڵە چاوەڕێی مافێكی سەرەتایی خۆیانن بەڵام حكومەتی هەرێم رایگرتوە، بۆیە سكاڵامان لەوبارەیەوە تۆمار كردوە.
عومەر گوڵپی ئەندامی پەرلەمانی كوردستان رایگەیاندوە، سكاڵای یاساییان لەسەر مافی كەمئەندامان تۆماركردوە، چونكە بەپێی مادەی شەشەم لە یاسای ماف و ئیمتیازی كەمئەندام و كورتە باڵاو خاوەن پێداویستی تایبەت، هەر كەسێك بە بەڵگەی پزیشكی سەلمێنرا كەمئەندامە، ئەوە لەسەر حكومەت و دامەزراوەكانی پێویستە سەرجەم مافەكانی بۆ دابین بكات، بەتایبەت تەرخانكردنی بڕی 150 هەزار دیناری مانگانە وەك هاوكاری دارایی، بەڵام بەبێ بونی پاساوی یاسایی و رەوا، لەساڵی 2012ـەوە ئەنجومەنی وەزیران ئەم تەرخانكردنە داراییەی راگرتوەو هیچ كەمئەندامێك تۆمار ناكات.
گوڵپی ئاماژەشی كردوە، ژمارەی ئەو هاووڵاتیانەی كە نزیكەی 10 ساڵە چاوەڕێی ئەو مافە سەرەتاییە دەكەن نزیكەی 30 هەزار هاووڵاتین كە زۆرینەیان منداڵن لە منداڵانی ئۆتیزم و شەلەل دەماغ و نابیناو نابیست و داون، هەروەها ئەوانەی گرفتەكانی بەربەستی جەستەیی و دەرونی و ژیرییان هەیە، بۆیە سكاڵای یاساییمان جوڵاند لەپێناو كۆتایهێنان بەم ستەمە لەسەر كەمئەندامان و خانەوادەكانیان.

