
روفاتی 100 ئەنفالكراوی ناوچەی بارزان گەیشتەوە خاكی هەرێمی كوردستان و لەلایەن بەرپرسانی هەرێمەوە پێشوازی كران.
لەمیانی رێوڕەسمی پێشوازیكردندا، مەسعود بارزانی سەرۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان رایگەیاند: رژێمی بەعس بە دڵی رەقتر لە بەردو بە خوێنێكی ساردەوە دڕندایەتی خۆی بۆ جیهان دەرخست، لەبەرامبەردا گەلی كوردستان لە راپەڕیندا رەوشت بەرزی خۆی پیشانداو ئەو هێزانەی دەستیان لەو تاوانەدا هەبوو كەوتنە بەردەستی خەڵكی كوردستان، بەڵام ئەوان ئازادیان كردن، ئەوەی لە كوردستان رویدا هیچی لەوە كەمتر نەبو كە لە ئەفریقا رویدا.
بارزانی وتیشی: ئەم تاوانانە زۆر گەورەترە برینەكان لە بیر ناكرێن، بەڵام پێویستە بەردەوام بین لەسەر رەوشتی بەرزی خۆمان، رژێمەكان دێن و دەڕۆن، بەڵام میللـەت دەمێنێت، بۆیە پێویستە ئەو برایەتیە لەنێوان میللـەتاندا بمێنێتەوە.
لەبەشێكی تری وتەكەیدا بارزانی وتی: دادگای تەمیز بڕیاریدا كە ئەم تاوانە جینۆسایدە، بەڵام بەداخەوە پێچەوانەكەیمان بینی، بۆیە قەرەبوكردنەوەی كەسوكاریان ئەركی ئەخلاقی حكومەتی عیراقە.
لەبارەی دۆخی عیراقیشەوە سەرۆكی پارتی وتی: ئێمە نیگەرانین لەو قەیرانەی ئێستا لەعیراق هەیە، لەدوای 2003 سود لەو دەرفەتە نەبینرا دەستور جێبەجێ نەكرا مامەڵەی هەڵە كراو تائێستا بەردەوامە، خەڵكی عیراق بە تێكڕا بەهەموو پێكهاتەكانەوە ئەوەندە ئازاری چەشتوە شایستەی ئەم ژیانە نییە كە ئێستا تیایدایە، ئومێدەوارین هەموو لایەك هەوڵی ئەوە بدەن ئەم قەیرانە كۆتایی پێبهێنن و خەڵك بە ئاسودەیی بژی و ئەم كارەساتە جارێكی تر نەبیننەوە.


