
بەگوێرەی پێشبینییەكانی كەشناسی، سبەینێ یەكشەممە ئەگەری خۆڵبارین هەیە و هەروەها پلەكانی گەرما یەك بۆ دوو پلە بەرزبوونەوە بەخۆیانەوە دەبینن.
بەشی پێشبینییەكانی بەشی كەشناسی وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندنی حكومەتی هەرێم بڵاویكردووەتەوە، ئەمڕۆ شەممە ئاسمان ساماڵ دەبێت و هەندێك پەڵە هەور لە ناوچە شاخاوییەكان دروست دەبێت و پلەكانی گەرما وەك و رۆژی هەینی دەبن.
بەپێی پێشبینییەكە، هەروەها رۆژی یەكشەممە بەهەمان شێوە ئاسمان ساماڵ دەبێت و خێرایی با زیاد دەكات، بەهۆی ئەوەشەوە تۆزێكی سووك بەرز دەبێتەوە، هەروەها پلەكانی گەرما یەك بۆ دوو پلە بەرز دەبنەوە.
سەبارەت بە پلەكانی گەرما باس لەوە كراوە، بەرزترین پلە لە هەولێر 4 پلەی سیلیزی دەبێت و لە سلێمانی 43 و لە دهۆك 44 و لە كەركوك 47 پلە دەبێت، هەروەها لە هەڵەبجە 45 پلە و سۆران و راپەڕین 44 و گەرمیانیش 48 پلەی سەدی تۆمار دەكرێن.
ئەمەش لەكاتێكدایە، بەهۆی ئەو شەپۆلی بارانبارین و لافاوەی رووی لە چەند وڵاتێكی ناوچەكە كردووە، پێشبینی دەكرا بەهەمان شێوە لە ناوچە شاخاوییەكانی هەرێمیش باران بارین دەستپێبكات.

