
بەشیر حەداد جێگری پێشووی سەرۆكی پەرلەمانی عیراق دەڵێت، خۆپیشاندانەكانی بەغدا كاریگەری نەرێنی دەبێت لەسەر هەرێم و ناردنی 200 ملیار دینارەكەش.
بەشیر حەداد بەدەنگی ئەمریكای وتووە، ئەم خۆپیشاندان و دۆخەی عیراق بێگومان رەنگدانەوەی نەرێنی دەبێت بەسەر هەرێمی كوردستان و بەسەر هەموو كایەكانەوە، مەترسی لەسەر ناردنی 200 ملیارەكەش دەبێت.
سەبارەت بەو بۆچوونانەی كە دەوترێت خۆپیشاندان هەرێمی كوردستان دەگرێتەوە ئاماژەی بەوەداوە، بە بۆچونی ئەو ئەگەرێكی دورە، راستە لەوانەیە خەڵك لە هەرێمی كوردستان لەهەندێك شت ناڕازیی بێت و هەندێك داواكاری خۆی هەیە، بەڵام باوەڕناكات كار بگاتە ئەو رادەیەی كە وەكو بەغدای لێبێت، لەبەر ئەوەی رێژەی خۆشگوزەرانی خەڵك و رێژەی پێشكەشكردنی خزمەتگوزاریی و رێژەی ئاوەدانی لە هەرێمی كوردستان بەراورد ناكرێت لەگەڵ بەغدا و شارەكانی تری ناوەڕاست و باشوری عیراق.
جێگری پێشووی سەرۆكی پەرلەمانی عیراق لەبەشێكی تری قسەكانیدا وتویەتی، لەگەڵ ئەوەی خەڵك داواكاری زیاتری هەیە خەڵك چاوەڕوانی زیاتری لە هەرێمی كوردستان هەیە و گلەیشی لەهەندێك شت هەیە، بەڵام بارودۆخی هەرێم لە بواری ئابوری و خزمەتگوزاریی و ئاوەدانی و ئازادی و بوونی ئەمن و ئاسایش لەچاو شارەكانی دیكەی عیراق زۆر زۆری جیاوازە، واتە ئەگەر چارەكی ئەوەی لە هەرێم هەیە لەشارەكانی تری عیراق هەبوایە باوەڕناكات ئەو خۆپیشاندانانە بەو شێوازە رویبدایە.


