
ڤیان سەبری سەرۆكی فڕاكسیۆنی پارتی لەپەرلەمانی عیراق رایگەیاند، ئەگەر رەوشەكە بەو شێوەیە بەردەوام بێت مەترسی پێكدادان هەیە، زۆربەی خێزانەكانی نیشتەجێی ناوچەی سەوز ناوچەكەیان بەجێهێشتووە.
ڤیان سەبری بە ماڵپەڕی فەرمی حزبەكەی وتووە، هەموو لایەك جەخت لەسەر خۆپیشاندانی هێمنانە دەكاتەوە، بەردەوامی خۆپیشاندانی هێمنانەش دواتر سەر بۆ رووداوی ناخۆش دەكێشێت، مەترسی پێكدادان هەیە ئەگەر رەوشەكە بەو شێوەیە بەردەوامی هەبێت، هەرچەندە تاوەكو ئێستا خوێن نەڕژاوە لەگەڵ ئەوەشدا هەندێك سوكایەتی هەیە لەنێو پەرلەمانی عیراق.
باسی لەوەشكردوە، ئەمە دووەم جارە خۆپیشاندان لەنێو پەرلەمانی عیراق بەڕێوەدەچێت، بۆیە لەگەڵ ئەوەدان كێشەكان بە دانوستان چارەسەر بكرێن، بەهۆی خۆپیشاندانەكانی بەغداوە زۆربەی خێزانەكانی نیشتەجێی ناوچەی سەوز ناوچەكەیان بەجێهێشتووە.
سەبارەت بە دەنگۆی هەمواركردنەوەی دەستوری عیراق سەرۆكی فراكسیۆنی پارتی رونیكردووەتەوە، پێویستە هەموو لایەنەكان بگەنە رێككەوتن لەبارەی هەمواری دەستور نەك تەنیا بە قسەی لایەنێك دەستور بگۆڕدرێت، چونكە رێكاری یاسایی و دەستوری خۆی هەیە، كاتێك باسی گۆڕینی دەستور دەكرێت دەیانەوێت سیستمی حوكم لە عیراق بگۆڕن لە پەرلەمانیەوە بۆ سەرۆكایەتی.


