
فازڵ میرانی سكرتێری مەكتەبی سیاسی پارتی رایگەیاند، هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمانی عیراق كارێكی ئاسان نییە، كشانەوەی سەدریەكان لە پەرلەمان بڕیارێكی دروست نەبووە، سەدر تەنها شەقامی بەدەستەوە ماوە.
فازڵ میرانی لەمیانەی بەشداریكردنی لە چلەی ماتەمینی كارگێڕی لقی 16ی حزبەكەی لە وتەیەكدا دەربارەی داواكەی موقتەدا سەدر بۆ هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمانی عیراق باسی لەوەكرد، هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمانی عیراق كارێكی ئاسان نیە، كشانەوەی سەدرییەكان لە پەرلەمان بڕیارێكی دروست نەبووە و ئەوەی لە عیراقدا رویداوە كارێكی راست نەبوو.
ئەوەشی خستووەتەڕوو، سەدر دوو چەكی بەدەستەوە بووە، یەكەمیان هەبوونی 73 كورسی پەرلەمان و دووەم شەقام، یەكەمیانی لەدەستداوە و دەستی بە چەكی دووەمەوە گرتووە كە شەقامە و داوای هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمان دەكات.
دوێنێ چوارشەممە موقتەدا سەدری رێبەری رەوتی سەدر داوای هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمان و ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پێشوەختەی كرد، بەشێك لە سەركردەكانی چوارچێوەی هەماهەنگیش لەوانەش حەیدر عەبادی و هادی عامری پشتگیری داواكەی سەدریان كردووە.

