
عەلی حەمە ساڵح ئەندامی پەرلەمانی كوردستان هۆشداری دەدات لەوەی، ماوەی 25 رۆژە چالاكوانانی زیندان لە بادینان مانیان گرتووە و لە دۆخێكی تەندروستی خراپدان.
عەلی حەمە ساڵح لە تۆڕی كۆمەڵایەتی فەیسبووك داوایەكی ئاڕاستەی خەڵكی كوردستان و رێكخراوەكانی كۆمەڵگای مەدەنی كردووە و نوسیویەتی، دوای دوو ساڵ لە زیندانیكردنیان بەناڕەوا، ئێستا چالاكوانانی بادینان 25 رۆژە مانیان گرتووە و لە دۆخێكی تەندروستی خراپدان، ئێمە لە دادگا شاهیدی بێتاوانی ئەوان بوین.
هێمای بۆ ئەوەش كردووە، بەپێی بڕیاری دادگاو كەمكردنەوەی 50% ی سزاكەیان لەلایەن سەرۆكایەتی هەرێمەوە و بە لەبەرچاو گرتنی یاسای ژمارە 23ی بنەماكانی دادگاییكردنی تاوانەكان و ئازادكردنی مەرجدار لەماددەی 331، سزای زیندانیانی بادینان تەواو بووەوە زیاتریشە، بۆیە دەبوایە ئێستا بەشێكی زۆریان ئازادكرابان، بەڵام رێكارەكان بۆ ئازادكردنیان دوادەخرێن.
هەر بەپێی وتەكانی ئەو ئەندامەی پەرلەمانی كوردستان، پێشتر كەسانێك بە هەمان ماددەی ئەوان سزا دراوە و ئازادی مەرجداری بۆ بەكارهێندراوە، پێویستە لەزووترین كاتدا ئازادبكرێن.


