
لەیلا عەلی سەرۆكی شارەوانی سلێمانی رایگەیاند، ئەو هێزەی ئەمڕۆ لەنزیك بینای سەرۆكایەتی شارەوانی سلێمانی بڵاوكراوەتەوە، بۆ رێگریكردن بووە لە گەندەڵی ئەو كەسانەی كە بونەتە مافیا بۆ زەوییە گرانبەهاكانی شارەوانی.
لەیلا عەلی لە كۆنفرانسێكی رۆژنامەوانیدا ئەوەی خستووەتەڕوو، ماوەی چەند مانگێكە كە هاتوەتە پۆستی سەرۆكایەتی شارەوانی سلێمانی تێبینی چەند دیاردەیەكی نامۆ و ناشرینی كردووە كە هەڕەشەیە لەسەر موڵك و ماڵی دەوڵەت و هاوڵاتیانیش، كۆمەڵێك كەس پەیدا بوون و كۆمەڵێك دەموچاوی دوبارە بەناوی حزب و بەرپرسەوە قسە دەكەن و داوای سەرانە دەكەن، بونەتە مافیا بۆ زەوییە گرانبەهاكان و كۆشك و خانوەكانی شارەوانی.
ئاشكراشیكردووە، بڵاوكردنەوەی ئاسایشی سلێمانی بۆ پاڵپشتی و پشتیوانییە لەموڵك و سامانی هاوڵاتیان، پاڵپشت و پشتیوانی وەبەرهێنە راستەقینەكانن، تاوەكو ئێستا 78 پرۆژەی وەبەرهێنانیان رەتكردووەتەوە، كە یاخود شوێنی گونجاویان بۆی نەبووە یاخود پێش دەستپێكردنی پرۆژەكە زەویەكەی فرۆشتووە كە لەڕوی یاساییەوە نابێت، هەر كارێكی نامۆ یاخود بزانن فەرمانبەرێك داوای بەرتیل لە هاوڵاتی دەكات،رێكاری یاسایی لە دژی دەگرنەبەر.
سەرۆكی شارەوانی سلێمانی ئاماژەی بەوەشكردووە، ئەمڕۆ پرۆسەی دابەشكردنی زەویان بەسەر 59 خێزانی شەهیدان ئەنجامدا، لەداهاتوشدا 460 پارچە زەوی بەسەر زیندانیانی سیاسی دابەشدەكرێت، ئەم پرۆسەیەش بەردەوام دەبێت.
لای خۆشیەوە فەرماندەیی هێزەكانی كۆماندۆی كوردستان لە رونكردنەوەیەكدا رایگەیاند، بەفەرمانی بافڵ جەلال تاڵەبانی سەرۆكی یەكێتی جوڵە بەهێزەكانی كۆماندۆ بۆ شارەوانی سلێمانی كرا، بەمەبەستی پاكتاوكردنی گەندەڵكاران و دەستگیركرنی ئەو كەسانەی رێگربوون لە ئەنجامدانی پرۆژە خزمەتگوزارییەكان.


