رۆژنامەیەكی بەریتانی بڵاویكردووەتەوە، بەهۆی نەبوونی متمانە لەنێوان دامەزراوە سیاسیەكانی ولایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا، ئەو وڵاتە لە لێواری شەڕێكی تری ناوخۆییدایە.
رۆژنامەی “گاردیان”ی بەریتانی بڵاویكردووەتەوە، هۆشداریدان سەبارەت بە ئەگەری شەڕی ناوخۆ لە ئەمریكا تەنها قسەی پڕوچوچ بوو، بەڵام بەپێی راپرسییەك دەركەوتووە كە نیوەی ئەمریكییەكان پێشبینی ئەوە دەكەن لە چەند ساڵی داهاتوودا شەڕی ناوخۆ روبدات.
ئەوەش هاتووە، لە هەر 5 ئەمریكییەك یەكیان پێی وایە كە توندوتیژی سیاسی لە هەندێك بارودۆخدا بەهانە هەیە بۆ روودانی، هەروەها 40%ی ئەمریكییەكان پێیان وایە بوونی سەركردەیەكی بەهێز لە مانەوەی دیموكراتی گرنگترە.
بەپێی هەمان توێژینەوە، بەهۆی زۆربوونی دیاردەی فرۆشتنی چەك توندوتیژی زیادی كردووە، هەروەها كۆمەڵگەی ئەمریكی زیاتر و زیاتر لە داهاتووی خۆی دەترسێت، هەروەها توڕەیی كۆمەڵگەی ئەمریكی لە خۆی بەردەوام لە زیادبووندایە، سەرەڕای هەموو ئەمانەش سیستمی سیاسی ئەمریكی هیچ گرەنتیەكی تێدا نییە بۆ ئەوەی كە توندوتیژی لە وڵاتدا روونەدات.
هەمان راپرسی ئەوەی پیشانداوە، 3 بۆ 5 ملیۆن ئەمریكی ئامادەییان پیشانداوە كە ئازاری هاوڵاتیانیان بدەن بەهۆی بیركردنەوە سیاسیەكانیانەوە، ئەوەش پیشانی دەدات كە گەلی ئەمریكا هەست بە بێهیوایی دەكات لە دیموكراتیەت و پێی وایە كار ناكات و هیواشی نییە لەو بارەیەوە.