
رێواز فایەق سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان سەرپەرشتی كۆبونەوەیەكی هاوبەشی وەزارەتی كار و كاروباری كۆمەڵایەتی و هەردوو لیژنەی كاروباری یاسایی و لیژنەی كاروباری كۆمەڵایەتی و داكۆكیكردن لە مافی مرۆڤ لە پەرلەمانی كوردستان كرد بەمەبەستی تاوتوێكردن و ئامادەكاری بۆ خوێندنەوەی یەكەم بۆ پڕۆژەیاسای كار لە هەرێمی كوردستان.
لەو كۆبونەوەیەدا كە كوێستان محەمەد وەزیری كارو كاروباری كۆمەڵایەتی ئامادەیبوە، گفتوگۆ لەبارەی ناوەڕۆك و مادە و بڕگەكانی ناو پڕِۆژەیاساكە كراوەو لەوبارەیەوە سەرۆكی پەرلەمان رایگەیاندوە: یاسای كار لەهەرێمی كوردستان بایەخ و گرنگیەكی زۆری هەیە، بەتایبەت لەڕووی مافی خانەنشینی و دابینكردنی بیمەی ژیان و تەندروستی و كۆمەڵایەتیەوە، وەك پەرلەمانی كوردستان جەختدەكەینەوە كە پێویستە یاسای كار پارێزەری سەرجەم مافە رەواكانی كرێكاران بێت لەتێكڕای سێكتەرە جیاوازەكاندا، بەتایبەت كە ئێستا هەنگاوەكانی حكومەتی هەرێمی كوردستان بە ئاڕاستەی چارەسەركردن و هاوسەنگكردنەوەی ئەو بارگرانیەیە كە لە كەرتی گشتیدا هەیە.
رێواز فایەق راشیگەیاندوە، دەبێت ماف و داخوازییەكانی كرێكار لە كەرتی تایبەتدا بەباشی پارێزراو بێت لەپێناو هاندان و بەهێزكردنی كەرتی تایبەت و رەخساندنی دەرفەتی كاری زیاتر بۆ گەنجان و سود بینین لە بەهرەو تواناكانیان لە سێكتەرەكانی پیشەسازی، كشتوكاڵ و خزمەتگوزارییە گشتییەكانی تردا.