
مستەفا كازمی سەرۆك وەزیرانی عیراق سەرپەرشتی كۆبونەوەی ئەنجومەنی وزاری بۆ ئاسایشی نیشتمانی كرد.
بەپێی راگەیەنراوێك، مستەفا كازمی فەرماندەی گشتی هێزە چەكدارەكان لەو كۆبونەوەیەدا گفتوگۆی كردوە سەبارەت بە دواگۆڕانكارییە ئەمنییەكانی وڵات و دۆسیە ئەمنییە گرنگەكان.
كازمی رایگەیاندوە، هێزە چەكدارەكان پێویستە بەردەوامبن لەسەر پرۆسەكانیان بۆ گەمارۆدانی چەكدارانی داعش وەك چۆن لە پێشترداو لە پرۆسەكانیاندا چەندین سەركردەیان كوشتوە، هەروەها بەپێویستی زانیوە هەوڵە ئەمنییەكان چڕتر بكرێنەوە بۆ بنبڕكردنی تاوانكارییەكانی رێكخراوی داعش و دەستگیركردنی مافیاكانی مادەی هۆشبە بەپێی پلان و هەماهەنگی لەگەڵ دەزگا ئەمنییەكانی تردا.
هەر لەو كۆبونەوەیەدا ئەنجومەنی وزاری بۆ ئاسایشی نیشتمانی گفتوگۆیان كردوە لەبارەی ئەو دۆسیانەی كە بڕیارو راسپاردەیان لەبارەوە بۆ دەركراوەو بڕیاریاندا بە درێژكردنەوەی كاری تیمی نێردەی نێودەوڵەتی بۆ لێكۆڵینەوە لە تاوانەكانی داعش لە عیراق. كە بە (یونیتاد) ناسراوە.