
د. نەرمین مەعروف ئەندامێكی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عیراق پێی وایە، ئەگەر حكومەتی هەرێم سكاڵا لەسەر حكومەتی عیراق تۆماربكات، دادگای فیدراڵی بەغدا پابەند دەكات بە ناردنی 200 ملیار دینارەكە.
د. نەرمین لە لێدوانێكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاندووە، پێشتر دادگای فیدراڵی عیراق دانیشتنێكی لەبارەی پرسی ناردنی 200 ملیار دینارەكە ئەنجامدا و بڕیاریدا كە ناردنی ئەو 200 ملیار دینارە بۆ هەرێمی كوردستان یاساییە و هیچ گرفتێكی نییە.
وتوشیەتی، لایەنی زەرەرمەندبوو كە حكومەتی هەرێمە ئەگەر سكاڵا لەسەر حكومەتی عیراق تۆماربكات كە ماوەی نزیكەی 7 مانگە ئەو بڕە پارەیە نەنێردراوە، ئەوا دادگای فیدراڵی بەغدا پابەند دەكات بە ناردنی.
ئەو پەرلەمانتارە لە بەشێكی تری قسەكانیدا وتی، بەڵام بەهۆی دۆخی عیراقەوە ئێستا ئەو سكاڵایە ناكرێت، هەرێم و بەغدا ناكۆكی قوڵیان لەسەر چەند پرسێكی دیكە هەیە بۆیە لەمكاتەدا ناتوانرێت سكاڵا لەسەر بەغدا تۆمار بكرێت.


