پەرلەمانتارێكی كوردستان رایدەگەیەنێت: دوای 15 ساڵ چارەنوسی سندوقی كوردستان بۆ داهاتە نەوتی و گازییەكان بە نادیاری ماوەتەوە.
عومەر گوڵپی ئەندامی پەرلەمانی كوردستان دەرەنجامی بەدواداچونێكی بڵاوكردۆتەوە كە كۆپیەكی بۆ رادیۆی نەوا ناردوەو ئاماژەی بەوەكردوە، لەساڵی 2007 یاسای نەوتو گازی هەرێم دەرچو، بەپێی ئەو یاسایە حكومەت پابەندكراوە بە دروستكردنی سندوقێك بۆ داهاتی نەوتو گاز، پاشان لەساڵی 2015 یاسایەكی تایبەت بە بەڕێوەبردنی سندوقەكەو پەیكەرەكەی دەرچو، بەڵام تائێستا حوكمەكانی ئەو دوو یاسایە بۆ دروستكردنی سندوقی كوردستان بۆ داهاتە نەوتیەكان نەچونەتە بواری جێبەجێكردن و بە مەرەكەبی سەر كاغەز ماونەتەوە.
راشیگەیاندوە، بەپێی خاڵی شەشەم لە ئاستی چاكسازی هێڵە گشتیەكانی كارنامەی كابینەی نۆیەم حكومەت بەڵێنیداوە كاربكات بۆ چەسپاندنی شەفافیەت لە گشت بوارە داراییەكانی هەرێم بەتایبەت لە بواری داهاتە نەوتیەكاندا، بۆ ئەو مەبەستەش پێویستبو كار بكات بۆ دامەزراندنی سندوقی داهاتە نەوتیو گازییەكان، ئەوە سێ ساڵو دوو مانگ لە تەمەنی ئەم كابینەیەش تێپەڕیو تائێستا سندوقەكە دروست نەكراوە.
ئەو پەرلەمانتارەی كوردستان دەشڵێت: بەرپرسیاری راستەوخۆی ئەم دۆخەی نەوتو گازو نەبونی شەفافیەتو دانەمەزراندنی سندوقەكەو كارنەكردن بە یاساكان لەم دۆسیەیە، ئەنجومەنی هەرێمی نەوتو گازە كە هەریەكە لە سێ حزبی سەرەكی پێكهێنەری حكومەت (پارتی، یەكێتی، گۆڕان) تیایدا بەشدارن.