سەركۆ ئازاد گەڵاڵی ئەندامی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی كوردستان دەڵێت، لە یاسای چاكسازیدا باس لە كەمكردنەوەی دەرماڵە نەكراوە بەڵكو رێكخستنەوەیە، گرفتەكە لەوەدایە زۆرینەی موچەی فەرمانبەران و هێزە ئەمنییەكان دەرماڵەیە و بەشێكی بە رێنمایی خەرجكراون.
سەركۆ ئازاد گەڵاڵی لە لێدوانێكی رۆژنامەوانیدا وتویەت، یاسای چاكسازی بە چەند قۆناغێك جێبەجێكراوە، تاوەكو ئێستا سێ راپۆرت لەسەر جێبەجێكردنی یاساكە ئامادەكراوە و دەبووایە پێشتر حەوت راپۆرت ئامادە بكرایە.
بەپێی وتەی ئەو پەرلەمانتارە، لە یاسای چاكسازیدا باس لە بڕینی دەرماڵەی فەرمانبەران و موچەخۆران نەكراوە، بەڵام بەپێی یاساكە دەبێت دەرماڵەكان رێكبخرێنەوە و گرفتەكەش لەوەدایە بەشێكی دەرماڵەكان بە رێنمایی خەرجكراون، بۆیە مەترسی لەسەر بڕینی دەرماڵەكان هەبووە و دوای دروستكردنی ئەو گوشارە لەلایەن موچەخۆران و رای گشتییەوە دەرماڵە دەستكاری نەكرا.
هێمای بۆ ئەوەش كردووە، پێشتر هەوڵێك هەبووە دەرماڵەی خۆراك بۆ هێزەكانی ناوخۆ تەنها بۆ ئەو رۆژانە خەرج بكرێت كە لەئەركدان و ئەگەر 15 رۆژەكەی دیكەی كە ئەركەكەیان تەواو دەبێت دەرماڵەكەیان بۆ خەرج نەكرێت و دەرماڵەی 150 هەزاری مامۆستایانیش پێشنیاز كرابوو ببڕدرێت، بەڵام لە ئێستادا ئەو بابەتانە قسەیان لەسەر ناكرێت كە رای گشتی لەسەری هاتە دەنگ.