
فەهیم عەبدوڵڵا سەرۆكی ئەنجومەنی پارێزگای دهۆك دەڵێت، پێیان باشە كامێرای جێگیری پۆینت تو پۆینت لەلایەن وەزارەتی ناوخۆوە دابنرێت ئەو كاتە هاوڵاتیان باشتر پێشوازی لێدەكەن، هەروەها لە ئێستا تێستی ئەوە دەكرێت كارەبا بكرێتە كارت بۆ ئەوەی ببێتە 24 كاتژمێری و مۆلیدە نەمێنێت.
فەهیم عەبدوڵڵا سەبارەت بە دانانی كامێرای چاودێری تیژڕەوی بە سیستمی “پۆینت تو پۆینت” بە دەنگی ئەمریكای وتووە، پێی باشە حكومەت لە رێگای وەزارەتی ناوخۆ و بەڕێوەبەرایەتی هاتوچۆ سەرپەرشتی دانانی بگرێتە ئەستۆی خۆی، رەنگە ئەوكات لەسەر هاوڵاتی ئەهوەنتر بێت و باشتر پێشوازی لەم سیستمە بكات، چونكە خەڵكی ئێمە هەر ئیشێك بە كۆمپانیا بدرێت و بكرێت پێی ئیستفزاز دەبێت.
ئاشكراشی كردووە، تاوەكو ئێستا ئەو سیستمە لە دهۆك كاری پێنەكراوە، بۆیە نازانێت باشی و خراپییەكانی چین، بەڵام ئەوەی لێی دڵنیایە ئەوەیە كە قوربانییەكانی هاتوچۆ تاوەكو دێت لە زیادبووندان، لەگەڵ دانانی سنورێكە بۆ تیژڕەوی بەڵام هەرگیز لەگەڵ ئەوەدا نییە ئیستغلالی هاوڵاتی بكرێت یاخود ئەم مەسەلەیە بكرێتە بابەتێكی فشار لەسەر حسابی گیرفانی خەڵك، بەڵام دەبێت هەمووان پابەندی یاساكانی هاتوچۆبین.
سەرۆكی ئەنجومەنی پارێزگای دهۆك باسی لەوە كردووە، ئێستا لە دهۆك لە سەنتەری بازاڕی شارەكە تێستی ئەوە دەكرێت كارەبای نیشتمانی بكرێتە كارت، تاوەكو كارەبا ببێتە 24 كاتژمێر هەروەها مۆلیدە نەمێنێت، لەبەر ئەوەی ئەو كارە حكومەت خۆی ئەنجامی دەدات، خەڵك زۆر بەباشی پێشوازی لێدەكەن.

