گۆڤاری “زی ئیكۆنۆمێست”ی بەریتانی هۆشداری دەدات لەوەی، بارودۆخی پیشەسازی لە ئەڵمانیا جێی مەترسییە و خەریكە لەناودەچێت بەهۆی قەیرانی وزەوە، ئەگەری هەیە ئەو مەترسیە تەواوی جیهان بگرێتەوە، چونكە بەشێكی زۆری جیهان پشت بە پیشەسازی ئەڵمانی بەستووە.
گۆڤارەكە لە راپۆرتێكدا ئاماژەی بەوەداوە، لە ساڵانی رابردوودا پیشەسازی ئەڵمانی پشتی بە سوتەمەنی هەرزانی روسیا بەستووە، هەروەها پشتی بە توانای بەبازاڕ كردنی بەرهەمەكانی لە چین بەستووە، بەڵام ئێستا ئەو وڵاتە روبەڕوی تاقیكردنەوەی سیستمە پیشەسازییەكەی بووەتەوە لەكاتێكدا كە سزا بەسەر روسیادا سەپێنراوە و ئابوریی چینیش پاشەكشەی كردووە.
باس لەوە شكراوە، بەرهەمی پیشەسازی ئەڵمانیا روبەڕووی مەترسی لەناوچوون بووەتەوە، بارودۆخەكە وەك ژەهر مەترسیدارە بۆ چەندین كۆمپانیا، لەوانەیە ئەو ژەهرە بگوازرێتەوە بۆ سەرجەم ناوچەكانی تری جیهان كە بەشێوەیەكی سەرەكی پشت بە پیشەسازی ئەڵمانی دەبەستن.
زی ئیكۆنۆمێست لە بەشێكی تری راپۆرتەكەیدا جەختی لەوە كردووەتەوە، گەورەترین كێشە كە ئێستا پیشەسازی ئەڵمانی پێوەی دەناڵێنێت بەرزبوونەوەی نرخی وزەیە، تەنها لە ساڵی رابردودا نرخی كارەبا 15 هێندە و نرخی غاز 10 هێندە بەرزبوونەتەوە، لە چوار بەش بەشێكی ئەو كۆمپانیایانەی كە كەمتر لە هەزار كەس كاری تێدا دەكەن داواكاریەكانیان بۆ بەرهەمەكانیان رەتكردووەتەوە و بەرهەمیان نەماوە.