
ئەو ژنەی ئەمڕۆ لە گەڕەكی بەختیاری لە شاری سلێمانی بە 11 گولـلە كۆتایی بە ژیانی هێنرا، خەڵكی باكوری كوردستانە و ئەندامی ناوەندی ئەكادیمیای لێكۆڵینەوەی ژنۆلۆژیە، پێدەچێت بابەتەكەش سیاسی بێت.
بەپێی وتەی شایتەحاڵەكان، ئەو ژنە لەبەردەم دەرگای خۆیان كوژراوە، ئەوەش دوای ئەوەی كەسێك چەند جارێك بە گەڕەكەكەیاندا هاتووچۆی كردووە و چاودێری كردووە، دواتر دەستڕێژی گولـلەی لێكردووە.
سەرچاوە ئاگادارەكان باس لەوە دەكەن، ژنەكە ناوی “ناگەهان ئاكارسەر”ەو تەمەنی 40 ساڵە، خەڵكی باكوری كوردستانە و كوردە، ئەندامی ناوەندی ئەكادیمیای لێكۆڵینەوەی ژنۆلۆژیە و چالاكوانی بواری ژنان و ئەندامی دەستەی نوسەرانی گۆڤاری “ژنۆ لۆژی”یە و نوسەرێكی دیاری توركیا بووە.
لای خۆیەوە سەرچاوەیەكی ئەمنی بە میدیاكانی وتووە، بەپێی خوێندنەوەكان بۆ روداوەكە، پێدەچێت سیاسی بێت و لەلایەن یەكێك لە وڵاتانی دراوسێوە ئەنجام درابێت.
