سەركردەیەكی چوارچێوەی هەماهەنگی ئاشكرای كرد، 10 رۆژ مۆڵەتیان بە پارتی و یەكێتی داوە تاوەكو كاندیدی پۆستی سەرۆك كۆمار یەكلایی بكەنەوە، هیچ ئاماژەیەكیش نییە بۆ كرانەوە لەگەڵ لایەنی سەدریدا.
عەباس عامری سەركردەی چوارچێوەی هەماهەنگی بە رۆژنامەی سەباحی نیمچە فەرمی راگەیاندووە، لە كۆتا كۆبوونەوەی هێزە سیاسیەكان چوارچێوەی هەماهەنگی 10 رۆژ مۆڵەتی بە پارتی و یەكێتی داوە بۆ ئەوەی لەسەر یەك كاندید بۆ پۆستی سەرۆككۆمار رێكبكەون.
هێمای بۆ ئەوەش كردووە، پێویستە یەكێتی و پارتی رێكبكەون یاخود هەریەكەیان بە كاندیدێك بچنە كێبڕكێ و لە پەرلەمان یەكلایی بكەنەوە، لە هەردوو حاڵەتەكەشدا دوای یەكلاكردنەوەی پرسی سەرۆك كۆمار، كاندیدی چوارچێوەی هەماهەنگی بۆ پێكهێنانی حكومەت رادەسپێردرێت.
ئەو سەركردەیەی چوارچێوەی هەماهەنگی جەختی لەوەش كردووەتەوە، لە ئێستادا هیچ ئاماژەیەك بۆ كرانەوە نییە لەگەڵ رەوتی سەدر، موقتەدا سەدر پەرلەمانتارەكانی كشاندەوە و دواتر لە پرۆسەی سیاسی كشایەوە.