
بڕیارە ئەمڕۆ سێشەممە دادگای باڵای فیدراڵی عیراق لەسەر دوو سكاڵای تایبەت بەو پارەیەی بەشە خۆراك كە لە هاوڵاتیان وەرگیراوە و نەگەڕێندراوەتەوە بۆ وەزارەتی بازرگانی عیراق و یاسای خانەنشینی هەرێم، لەسەر وەزیری بازرگانی و بەڕێوەبەری گشتی بازرگانی هەرێم و سەرۆكی حكومەت و وەزیری دارایی هەرێم تۆمار كراون كۆببێتەوە.
بەپێی زانیاریەكان، ئەمڕۆ دادگای باڵای فیدراڵی لەسەر دوو سكاڵا كە دژی حكومەتی هەرێمی كوردستان تۆمار كراون كۆببێتەوە و لە دانیشتنەكەدا تاووتوێی هەردوو سكاڵاكە دەكرێت.
سكاڵای یەكەم لەلایەن بەڕێوەبەری گشتی بازرگانی و خۆراكی حكومەتی عیراقەوە دژی هەریەكە لە وەزیری بازرگانی و پیشەسازی هەرێمی كوردستان و بەڕێوەبەری گشتی بازرگانی هەرێم تۆمار كراوە، كە تێیدا داوكراوە ئەو پارەیەی لەبەرامبەر دابەشكردنی بەشە خۆراك لە ساڵی 2004ەوە تاوەكو 2021 لە هاوڵاتیان وەرگیراوە بگەڕێندرێتەوە بەغدا، بەڵام زانیاریەكان باس لەوە دەكەن لەوانەیە سكاڵاكە بكشێندرێتەوە، چونكە پێشتر وەزیری بازرگانی و پیشەسازی هەرێم سەردانی وەزیری بازرگانی عیراقی كردووە و یاداشتێكی لێكتێگەیشتنیان واژۆ كردووە.
هەرچی سەبارەت بە سكاڵای دووەمە، بەپێی زانیاریەكان لەلایەن كەسێكەوە بەناوی ئەحمەد عەلی سادق بە نوێنەرایەتی چەند كەسێكی تر تۆمار كراوە و تێیدا داواكراوە كە كاركردن بە یاسای ژمارە 27ی ساڵی 2006ی هەمواركراوی خانەنشینی لە هەرێمی كوردستان بە نادەستوری لە قەڵەم بدرێت و سكاڵالێكراوان ناچار بكرێن كار بە یاسای خانەنشینی یەكگگرتوو بكرێت لە هەرێمی كوردستان.

