
ئاراس جەبار شارەزای بواری كەشناسی بڵاویكردەوە، بەپێی پێشبینییەكان لە رۆژی چوارشەممەوە شەپۆلێكی بارانبارین ناوچەكانی هەرێم دەگرێتەوە و ئەگەری بارانبارینی بەخوڕ و دروستبونی لافاو هەیە.
ئەو شارەزا كەشناسییە لە راگەیەندراوێكدا ئاماژەی بەوەداوە، لە رۆژی چوارشەممەوە تاوەكو رۆژی هەینی ئەم هەفتەیە ناوچەكانمان دەكەوێتەوە ژێر كاریگەری بارستە هەوایەكی شێدار كە لە دەریای ناوەڕاست و باكوری دەریای سور سەرچاوە دەگرێت، لەگەڵ بونی بارستە هەوایەكی سارد لەچینە بەرزەكانی هەوادا.
هێمای بۆ ئەوەش كردووە، دۆخێكی ناجێگیری كەشوهەوا لەهەرێمی كوردستان دەستپێدەكاتەوە لەم مەودایەدا بە شێوەی ناوبەناو هەورە تریشقە چالاك دەبێت لەگەڵ تاوە بارانی بەخوڕ لەكات و ناوچە جیاجیاكاندا و بارینی تەرزەش لەهەندێك شوێندا.
ئەو شارەزا كەشناسییە جەختی لەوەش كردووەتەوە، هەر بەپێ پێشبینییەكان بەگشتی ئەم شەپۆلە كاریگەری لەسەر سەرجەم ناوچەكان دەبێت، بەڵام رێژەی بارانبارین لەناوچەیەك بۆ ناوچەیەك بەدیاری نەكراوی جیاواز دەبێت، بڕی كەم تاوەكو ئاستی دروستبونی لافاویش ئەگەرێكی كراوەیە.

