
واژۆ
پەرلەمانتارێكی كوردستان رایدەگەیەنێت، تێكڕای قازانجی مانگانەی پاڵاوگەیەكی نەوت نزیكەی 25 ملیۆن دۆلارە.
عەلی حەمە ساڵح ئەندامی پەرلەمانی كوردستان وەڵامی لێدوانی پەرلەمانتارێك دەداتەوە كە وتویەتی، پاڵاوگەی لاناز نەبوایە لیترێك بەنزین بە ملیۆنێك دەبو.
لەوبارەیەوە عەلی حەمە ساڵح بڵاویكردۆتەوە، ئەركی پەرلەمانتار بەدواداچونە، ئەو پاڵاوگەیە نەوتی رۆژئاواو نەوتی عەینزالە بە هەرزان دەكڕێت و تەنها بۆ ئەوانە كەس بۆی نیە نزیكی ببێتەوەو دەیپاڵێون، ئەوان لیترێك بەنزین بە یەك هەزارو 50 دینار دەدەنە حكومەت و حكومەت بە 800 دینار دەیفرۆشێتەوە، واتە لەداهاتی گشتی پارە دەدرێتە لاناز.
راشیگەیاندوە، تەنها لە بەنزین مانگانە نزیكەی 12 ملیۆن دۆلاری قازانجە، جگە لە گازوایلەكەی كە كوالیتی باشە بەبێ مۆڵەت رەوانەی توركیای دەكات و قازانجی چەندین ملیۆن دۆلارە، بۆ بازاڕی كوردستانیش خراپترین گازوایلی ژەهراوی لەگۆڕەپانەكان تێكەڵ دەكرێت، ئەمە جگە لەفرۆشتنی نەوتی رەش و قیر بە بازرگانی.
ئەو پەرلەمانتارە ئاماژەشیكردوە، تێكڕای قازانجی مانگانەی نزیكەی 25 ملیۆن دۆلارە، واتە نەوتی خاوی بەنرخێكی هەرزان دەستدەكەوێت و بەرهەمە نەوتیەكانیشی بە گران دەفرۆشێت ئیتر ئەمە كوێی دەستكەوتە.

