
واژۆ
شوان كەریم زراری ئەندامی پەرلەمانی كوردستان لەسەر پشكی پارتی دەڵێت، بەهۆی ئەوەی دژە تیرۆری سلێمانی وەك دەزگایەكی داپلۆسێنەر لە سلێمانی مامەڵە دەكات، لەلایەن ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێمەوە بودجەی بڕاوە.
شوان كەریم بە میدیای حزبەكەی وتووە، دژە تیرۆری سلێمانی بەبێ گەڕانەوە بۆ بنەما یاساییەكان و دوور لە رێكارە پەیڕەوكراوەكانی ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێم لە سنوری سلێمانیدا مامەڵە دەكات، بەجۆرێك چەندین كاری نایاسایی و دەستوەردانانیان لە كاروباری بازرگانان، وەبەرهێنان، شارەوانی و دەروازە سنورییەكان كردووە.
ئاماژەی بەوەشداوە، خەڵكی سلێمانی بەهۆی ئەو دەزگایەوە ترسێكی زۆریان لەسەر ژیانی خۆیان هەیە و كاتێك ئۆتۆمبێلەكانی دژە تیرۆر دەبینن، وادەزانن دەزگای ئەمنی سەردەمی رژێمی پێشوون و خۆیان لێ بەدوور دەگرن.
ئەو پەرلەمانتارە هێمای بۆ ئەوەش كردووە، بەهۆی مامەڵەی ئەو دەزگایەوە زۆربەی هاوڵاتیانی سلێمانی هەست بە ئاسودەیی ناكەن و ناتوانن لە ناوچەكانی خۆیان وەبەرهێنان ئەنجامبدەن و بەشێوەیەكی ئازادانە كاری بازرگانی بكەن، بۆیە ناچارن روو لەناوچەكانی دیكەی هەرێمی كوردستان بكەن.

