واژۆ
وتەبێژی فەرماندەی هێزە چەكدارەكانی عیراق دەستیكرد بە جێبەجێكردنی فەرمانی كۆنترۆڵكردنی سنورەكانی نێوان ئێران و توركیا.
یەحیا رەسوڵ وتەبێژی فەرماندەیی هێزە چەكدارەكانی عیراق رایگەیاندوە، محەمەد شیاع سودانی فەرماندەی هێزە چەكدارەكانی عیراق فەرمانی دەركرد بۆ كۆنترۆڵكردنی سنورەكانی عیراق لەگەڵ هەریەك لە وڵاتانی كۆماری ئیسلامی ئێران و توركیا.
راشیگەیاندوە، دەستمان بەجێبەجێكردنی فەرمانەكە كردوە لە رێگەی پێدانی چەك و تەقەمەنی و زیادكردنی پاسەوانی سنورەوە لەرێگەی فەرماندەیی پاسەوانی سنور تا بتوانن سنورەكان كۆنترۆڵ بكەن و بنكە پاسەوانییەكان تۆكمە بكەن.
یەحیا رەسوڵ راشیگەیاندوە، عیراق خوازیارە پەیوەندیەكی پتەوی لەگەڵ دراوسێكانیدا هەبێت كە خزمەتی بەرژەوەندی هەریەك لەو وڵاتانەی دراوسێی بكات، رێگە نادەین خاكی عیراق بۆ هێرشی دوژمنكارانە لەدژی هیچ وڵاتێكی دراوسێ بەكاربهێنرێت.
جێی ئاماژەیە هەفتەی رابردوو راگەیەنرا كە ژمارەیەك فەرماندەی سەربازی ئاڵوگۆڕیان پێكراوەو لەناویاندا فەرماندەی پاسەوانی سنور هەبوو كە لە پۆستەكەی دورخرابویەوە.