
واژۆ
عەلی حەمە ساڵح ئەندامی پەرلەمانی كوردستان دەڵێت، تەندروستی پارێزگای هەڵەبجە لەبەردەم داڕوخانە، نەك دەرمان دەبەیەك نەوتی نییە، گازوایل بۆ مۆلیدە نییە و 64 كەس ئەگەر كوێربوونیان هەیە.
عەلی حەمەساڵح لە تۆڕی كۆمەڵایەتی فەیسبووك لە نوسینێك كە ئاڕاستەی قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆكی حكومەتی كردووە ئاماژەی بەوەداوە، لەو بودجەیەی ساڵی 2022 لەسەر كاغەز بۆ كڕینی دەرمانی هەڵبجە تەرخانكراوە، هیچی خەرجنەكراوە كە مانگانە 130 ملیۆن دینارە، دەڵێن پارە نییە لە بانك ئێستاش بەهۆی قەرزاریەوە هیچ كۆمپانیایەك دەرمان نافرۆشێت بە بەڕێوبەرایەتی تەندروستی هەڵەبجە و دەڵێن پارەمان نادەنێ.
ئاماژەی بەوەشداوە، نەخۆشخانەی كیمیابارانی هەڵەبجە ماوەی 11 مانگە كراوەتەوە، تاوەكو ئێستاش رەزامەندی كڕینی دەرمانی نییە لە لایەن حكومەتەوە، هەندێك لە دەرمانەكانی فەڕەنسا دابینی كردوە و ئەوی دیكە بە قەرز كڕاوە، ئێستا تەندروستی هەڵەبجە 480 ملیۆن دیناری ئەم نەخۆشخانەش قەرزارە.
ئەو پەرلەمانتارە نوسیویشیەتی، ئەگەر كارەبا ببڕێت دەبێت بۆ مۆلیدە كاربكات، گازوایل نییە لە مۆلیدەدا، ئەگەر كەسێك لە نەشتەرگەری بێت ژیانی دەكەوێتە مەترسی، نەسریەی بەڕێوبەرایەتی تەندروستی هەڵەبجە 75٪ كەمكراوەتەوە و 100 ملیۆن دیناری دەدرێتێ، ئەویش زیاتر بۆ قەرزی كۆنی دەرمان و سوتەمەنییە.
عەلی حەمە ساڵح دوپاتیشی كردووەتەوە، ئێستا ئۆكسجین نەماوە و سیانەی تەواو بووە، 64 بەركەوتەی كیمیاوی ئەگەری كوێربوونیان هەیە، دۆخی چاویان لە ئاستێكی خراپەو پێویستی بە بەدەمەوە چونی خێرا هەیە ئەگەرنا كوێر دەبن، 262 ملیۆن دینار پێویستە و رەزامەندی ئەنجومەنی وەزیران هەیە و خەرجنەكراوە.

