
واژۆ
كاروان گەزنەیی ئەندامی پەرلەمانی كوردستان دەڵێت، تەحەدای جێگری سەرۆكی پەرلەمان دەكات، لە چ كەناڵێك دەیەوێت با دیبەیت بكەن، جەخت لەوەش دەكاتەوە ئەو ژمارانەی بڵاویكردووەتەوە پڕە لە چەواشەكاری.
كاروان گەزنەیی لە تۆڕی كۆمەڵایەتی فەیسبووك نوسیویەتی، جێگری سەرۆكی پەرلەمان باس لەوە دەكات مانگانە 356 ملیار دینار بۆ پارێزگای سلێمانی دەنێردرێت، مانگانە لە فرۆشی نەوتی هەرێمی كوردستان كە زیاترە لە یەك ملیار و 200 ملیۆن دۆلار، تەنها 187 ملیۆن دۆلار دەنێرێتە سلێمانی، كە دەكاتە 280 ملیار دینار، واتا مانگانە سلێمانی كورتهێنانی هەیە كە زیاترە لە 50 ملیار دینار بەهۆی نەناردنی پارە لە حكومەتەوە.
بەپێی وتەكانی ئەو پەرلەمانتارە، باس لەوە دەكەن كە لە كابینەی نۆ بڕی 16 ترلیۆن دینار لە كۆی 40 ترلیۆن دینار بۆ سلێمانی خەرجكراوە، لەم پارەیەی باس دەكرێت بۆ پرۆژەكانی سلێمانی خەرجكرابێت، یەك دیناریش خەرج نەكراوە، سەرۆكی حكومەت هەموو جارێك كە بڕیاری پارە خەرجكردنی داوە لەسەر بودجەی سلێمانی بووە كە هیچ پارەیەك نەبووە و پێشتر تەمویلی موچەی پێكراوە.
گەزنەیی جەختی لەوەش كردووەتەوە، هەموو پرۆژەكانی ئەم پارێزگایە بە هۆی نەبوونی بودجەوە وەستاون، لە ناویاندا دووسایدی رانیە – سلێمانی و كەلار و سەد مەتری و تەواوی پرۆژە خزمەتگوزارییەكانی دیكە، كە نزیكن لە 2 هەزار پرۆژە.
هێمای بۆ ئەوەش كردووە، لە ماوەی یەك ساڵی رابردودا ئیدارەی سلێمانی یەك ترلیۆن دیناری بۆ موچە خەرج كردووە كە دەبوایە بكرایە بە پرۆژە، باس لە چاكسازی دەكەن، بە وتەی خۆیان لە دوای چاكسازیەكەیان داهاتی نەوت 100 ملیۆن دۆلار كەمیكردووە، چاكسازی لە موچە كرا و پێشتر 850 ملیار دینار بووە ئێستا بووە بە 900 ملیار، حكومەت گەمارۆیەكی ناشەریفانەی سلێمانی داوە و نە پارە دەنێرێت نە رێگە بە تەواوبوونی پرۆژەكان دەدات.
ئەو پەرلەمانتارە وتوشیەتی، زیاتر لە ملیارێك دۆلار داهاتی هەرێم و دیزە بەدەرخۆنە دەكرێت، تەنانەت داهاتی حانوتی خوێندنگەكانیش دەچێتەوە هەولێر، تەحەددای جێگری سەرۆكی پەرلەمان دەكات، ئەگەر هەر سوورن لەسەر ژمارە ناڕاستەكانیان، هەر كەناڵێك خۆیان ئیختیاری دەكەن بۆ هەر كاتێك با دیبەیتێك ساز بكەن لەسەر كۆی ئەم پرسانە و دوای بینینی بەڵگەكانیش با خەڵكی كوردستان بڕیار بدات.


