
واژۆ
د. نەرمین مەعروف ئەندامی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عیراق ئاشكرای كرد، تاوەكو پرۆژەیاسای بودجەی 2023 پەسەند نەكرێت، هیچ بڕە پارەیەك رەوانەی هەرێمی كوردستان ناكرێت.
د. نەرمین بە دەنگی ئەمریكای وتووە، ئەو هەواڵە راست نییە كە حكومەتی عیراقی موچەی تەواوی ئەم مانگەی فەرمانبەرانی هەرێم دەنێرێت، ئەو شتانە زوو زوو بڵاودەبنەوە بە ناڕاستی چونكە هێشتا پرۆژەیاسای بودجە پەسەند نەكراوە، ئیتر ئەم پارەیە چۆن دابینكرا و لە كوێوە نێردرا؟! بۆیە شتی وەها نییە ئەوە نایاساییە.
ئاماژەی بەوەشداوە، حكومەتی ئێستا پابەندی رێككەوتنی نێوان هەرێم و بەغدا نابێت بۆ بەردەوامیدان بە ناردنی 200 ملیارەكە بۆ هەرێم، چونكە ئەمە رێككەوتنی سەردەمی پێشەوە، پێی وانییە ئەم حكومەتە بچێتە ژێر باری ئەو 200 ملیارەوە، رێككەوتنێك بووە شاندی هەرێم لە كاتی خۆیدا لەگەڵ مستەفا كازمیدا كردویەتی و لەناو بودجەی ساڵی 2021 هەبووە، پێی وانییە هیچ بڕە پارەیەكیش بێت بۆ هەرێم هەتاوەكو پرۆژە یاسای بودجە پەسەند نەكرێت.
ئەو پەرلەمانتارە لە بەشێكی قسەكانیدا هێمای بۆ ئەوە كردووە، بە شێوەیەكی گشتی لەبەر ئەوەی هەموو لایەنە سەرەكییەكان بە كوردیشەوە پێكهاتەی سەرەكی ئەم حكومەتەن، بۆیە پێیوایە هەموو لایەنەكان دەیانەوێت ئەم حكومەتە سەركەوتوو بێت، داواكارییەكانی كوردیش لە كارنامەی ئەم حكومەتە پەسەندكراون.