
واژۆ
ئومێد خۆشناو پارێزگاری هەولێر رایگەیاند، ئەو 6 هەزار یەكەی نیشتەجێبوونەی لە هەولێر بۆ كەمدەرامەتان دروست دەكرێت، لە دوو شوێنی زۆر باشی هەولێر دەبێت و بە كواڵێتییەكی بەرز و شێوازێكی جوان دروست دەكرێن.
بەپێی راگەیەندراوێكی پارێزگای هەولێر، ئومێد خۆشناو لە كۆبوونەوەی لەگەڵ بەرپرسە ئیدارییەكانی پارێزگای هەولێر لەبارەی دروستكردنی 6 هەزار یەكەی نیشتەجێبوون بۆ كەمدەرامەتان و كرێنشینان وتی، ئەو یەكانە لە رێگەی باشترین وەبەرهێنەران و بە كواڵێتییەكی بەرز و شێوازێكی جوان دروست دەكرێن.
ئاماژەی بەوەشداوە، هەروەها لە دوو شوێنی باشی هەولێردا دروست دەكرێن كە دەكەونە نێوان شەقامی 120 مەتری و 150 مەتری.
بڕیارە 20 هەزار یەكەی نیشتەجێبوون لە پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆكان و ناوچە جیاجیاكانی هەرێمی كوردستان بۆ كەمدەرامەتان و كرێنشینان دروست بكرێن و بە قیستی درێژخایەن پێیان بدرێت، تاوەكو ئێستا لە چەند ناوچەیەك دەست كراوە بە دروست كردنیان.

