واژۆ
ژمارەی قوربانیان بەهۆی ئەو شەپۆلە بەفرەی رووی لە ئەمریكا كردووە گەیشتنە 34 كەس كە 12یان لە ولایەتی نیویۆركن، پێشبینیش دەكرێت ژمارەی قوربانیان زیاد بكەن.
رادیۆی نیشتمانی گشتی “NBR”ی ئەمریكی بڵاویكردووەتەوە، بەهۆی ئەو شەپۆلەی بەفرەی رووی لە زۆربەی ناوچەكانی ئەمریكا كردووە، لانیكەم 34 كەس گیانیان لەدەستداوە، پێشبینی ئەوەش دەكرێت ژمارەكە زیاد بكات، چونكە چەندین هاوڵاتی لەناو ماڵەكانیاندا گیریان خواردووە.
ئەوەش هاتووە، ملیۆنان كەس روبەڕووی سەرمایەكی زۆر و بەردەوام بوونەتەوە، هەروەها بارینی بەفرە بەچڕی بەردەوامە و سەدان هەزار ماڵ و ژمارەیەكی زۆر كۆمپانیا بێكارەبا بوون.
لای خۆیەوە بەڕێوەبەرایەتی كەشناسی نیشتمانی ئاماژەی بەوەداوە، 60%ی دانیشتووانی ولایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا هۆشدارییان لە خراپی كەشوهەوا دراوەتێ، هەروەها هۆشداری دراوە لە بارینی بەفری زیاتر و خێرایی باش گەیشتووەتە 40 میل لە كاتژمێرێكدا، پێشبینی ئەوە دەكرێت ئەو شەپۆلە بەفربارینە تاوەكو كۆتایی ئەم هەفتەیە بەردەوام بێت و دواتر پلەكانی گەرما بەرەو ئاسایی بوونەوە دەچن.