واژۆ
بورهان عەلی فەرەج سكرتێری یەكێتی پیاوانی كوردستان ئاشكرای كرد، لە ساڵی رابردوودا 534 حاڵەتی توندوتیژی دژی پیاوان لەلایەن ژنانەوە لە رێكخراوەكەیان تۆمار كراون
بورهان عەلی فەرەج لە بەرنامەیەكی تەلەفزیۆنیدا وتی، رێژەی توندوتیژی بەرامبەر پیاوان لەلایەن ژنانەوە زیادیكردووە، كە بریتین لە توندوتیژی جەستەیی و زارەكی، لە ساڵی 2022ـدا، 65 حاڵەتی خۆكوشتنی پیاوان و پێنج حاڵەتی كوشتنی پیاوان لەلایەن ژنانەوە بەهاوكاری كەسانی دیكە تۆماركراون.
ئاماژەی بەوەشداوە، هەر لە ساڵی رابردوودا 37 حاڵەتی دەركردنی پیاوانی بەتەمەن، 45 حاڵەتی خیانەتی هاوسەرگیری لەلایەن ژنانەوە، 9 حاڵەتی توندوتیژی جەستەیی و 12 حاڵەتی فشاری دەروونی و سێكسی هەبووە، هەروەها 193 حاڵەتی دەستوەردانی لەلایەن كەسوكاری ژنانەوە و 213 حاڵەتی دەستبەسەرداگرتنی منداڵ لەدوای جیابوونەوە لەلایەن ژنانەوە تۆماركراون.
سكرتێری یەكێتی پیاوان هێمای بۆ ئەوەش كردووە، هەروەها 8 حاڵەتی دەستبەسەرداگرتنی موچەی پیاوان و 17 حاڵەتی هەڕەشەی میدیایی و ئەلیكترۆنی بۆ ناوزڕاندنی پیاوان لەلایەن ژنانەوە وەك سكاڵا گەیشتووەتە دەست رێكخراوەكەیان.