واژۆ
ئاراس محەمەد ئەندامی سەركردایەتی یەكێتی دەڵێت، لە هیچ كابینەیەكی حكومەتی هەرێمدا نەزانراوە داهاتی ئیبراهیم خەلیل چەندە و بۆ كوێ دەچێت.
ئاراس محەمەد رایگەیاندووە، پارتی 30 ساڵە دەستی بەسەر داهاتی خاڵی سنوری ئیبراهیم خەلیلدا گرتووە كە داهاتەكەی هیچی لە داهاتی نەوت كەمتر نییە، لە هیچ كابینەیەكی حكومەتی هەرێمی كوردستاندا نەزانراوە داهاتی ئیبراهیم خەلیل چەندە و بۆ كوێ دەچێت و بۆ ناگەڕێتەوە خەزێنەی گشتی.
هێمای بۆ ئەوەش كردووە، جگە لەوەش لەئێستادا پارتی لە نێوان هەرێمی كوردستان و سوریادا چەندین خاڵی سنوری ناڕەسمی دروستكردووە، بڕێكی زۆر نەوتی لێ هاوردە دەكات و پاشان بەنرخێكی گران دەیفرۆشێتەوە.
ئەو بەرپرسەی یەكێتی وتوشیەتی، ئەگەر سەرۆكی حكومەت وەك خۆی دەڵێت دەیەوێت چاكسازی بكات و رێگری هەیە بە حزبەكەی بڵێت رێگری لێنەكەن و لە ئیبراهیم خەلیلەوە دەستپێبكات.
كێشەكانی نێوان یەكێتی و پارتی تابێت قوڵتر دەبنەوە و هەردولا یەكتر تۆمەتبار دەكەن بە دەستبەسەرداگرتنی داهات و ئەوەش لە میدیاكانیانەوە بە تەواوەتی رەنگیداوەتەوە.