
واژۆ
بەڕێوەبەرایەتی هاتووچۆی هەولێر شۆفێران ئاگادار دەكاتەوە لەوەی، هەفتەی داهاتوو كامێراكانی تۆماركردنی تیژڕەوی جۆری “پۆینت تو پۆینت” لە بەشێكی شەقامی 120 مەتری دەكەونە كار.
بەڕێوەبەرایەتییەكە بڵاویكردووەتەوە، لە چوارچێوەی هەوڵەكانی وەزارەتی ناوخۆ بۆ كەمكردنەوەی قوربانییەكانی هاتوچۆ و كۆنترۆڵكردنی تیژڕۆیی، وەكو قۆناغی یەكەم، كامێرای تۆماركردنی تیژڕۆیی “خاڵ بۆ خاڵ” كە تێكڕای خێرایی لە نێوان دوو كامێرا تۆمار دەكات، لە شەقامی 120 مەتری هەولێر، لە نێوان شەقامی كەركوك بۆ شەقامی بنەسڵاوە، لە هەردوو ساید ئەو كامێراییە لە هەفتەی داهاتوو دەكەوێتە كار.
ئەوەش هاتووە، بۆیە ئاگاداری شوفێران دەكەینەوە كە بۆ ئەوەی خۆیان لە سزای دارایی كامێراكانی تۆماركردنی تیژڕۆیی بپارێزن، نابێت لە شەقامی 120 مەتری لەمەولا تیژڕۆیی بكەن و لەو شەقامە ئۆتۆمبێلی بچووك نابێت لە 110 كیلۆمەتر لە كاتژمێرێك خێراتر بڕوات، هەر خێراییەكی زیادە بۆیان تۆمار دەكرێت و سزای دارایی دەدرێن جا كامێراكە دیار بێت یاخودنا.
هاتووچۆی هەولێر جەختی لەوەش كردووەتەوە، هەروەها ئۆتۆمبێلی بارهەڵگر نابێت لە 80 كیلۆمەتر لە كاتژمێرێك خێراتر بڕوات، هەر خێراییەكی زیادە بۆیان تۆمار دەكرێت و سزای دارایی دەدرێن جا كامێراكە دیار بێت یاخودنا، هەروەها شوفێرانی بارهەڵگر ئاگادار دەكەنەوە كە تەنیا رێگا پێدراون لە هێڵی دیاریكراو بۆیان شوفێری بكەن، بە پێچەوانەوە ڕووبەڕووی سزای دارایی دەبنەوە.