واژۆ
وەزارەتی ناوخۆی عیراق دەستگیر كردنی 2 كەسی راگەیاند، كە لە نێوان هەولێر و كەركوكدا یاریان بە بەهای دۆلارەوە كردووە و لەكاتی دەستگیر كرنیشیاندا بڕی 200 ملیۆن دیناریان پێبووە.
وەزارەتی ناوخۆی عیراق لە راگەیەندراوێكدا ئاماژەی بەوەداوە، لە رێگەی زانیاری وردی هەواڵگری و هەوڵی چڕەوە توانیویانە 2 كەس دەستگیر بكەن، كە لە نێوان كەركوك و هەولێردا یاریان بە بەهای دۆلارەوە كردووە.
ئەوەش هاتووە، ئەو دوو كەسە لە بازگەی هاوبەشی “دارمان” لەسەر رێگەی كەركوك – هەولێر دەستگیر كراون كە هەوڵیاداوە بچنە پارێزگای كەركوك و 200 ملیۆن دیناری جۆری 25 هەزار دینارییان پێبووە.
وەزارەتەكە جەختی لەوەش كردووەتەوە، تۆمەتباران دانیان بە تاوانەكەیاندا ناوە و خاوەنی 4 فرۆشگای “كی كارد”ن لە كەركوك لەگەڵ كەسێكی تردا كە خاوەنی كۆمپانیایەكی مامەڵەكردنە بە دراوەوە یاریان بە نرخی دۆلارەوە كردووە لە رێگەی فرۆشتنی دۆلارەوە بە كەسێك لە باكوری وڵات، ئەو پارەیەشی پێیان بووە لە بانكێكی هەولێر وەریان گرتووە.