
واژۆ
وەزارەتی پێشمەرگەی هەرێمی كوردستان رونكردنەوەیەكی لەبارەی پلە بەرزكردنەوەی ئەفسەرانی پێشمەرگە بڵاوكردەوە.
لە راگەیەنراوێكدا وەزارەتی پێشمەرگە بڵاویكردۆتەوە، لە هەندێك پەیج و ئەكاونتی تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان پڕوپاگەندەی جیاواز لەسەر خشتەكانی پلە بەرزكردنەوەی ئەفسەرانی پێشمەرگە بڵاوكراونەتەوە، لەمبارەیەوە وەزارەتی پێشمەرگە رایدەگەیەنێت كە خشتەكانی 2020 و 2021 و نەورۆزی 2022، تەواو بون و رەوانەی ئەنجومەنی وەزیران كراون لەوێ كاری لەسەر دەكرێت.
ئاماژەشیكردوە، سەبارەت بە خشتەی ئەیلولی 2022 و نەورۆزی 2023، بەهەمان شێوە ئامادەكاری دەكرێت بۆئەوەی بەخێرایی بەرزبكرێتەوە بۆ ئەنجومەنی وەزیران، هەروەها لەم قۆناغە بەدواوە تەواوی خشتەكانی پلە بەرزكردنەوەی ئەفسەرانی پێشمەرگە دەچێتە سەر رێچكەی خۆی و رێك دەخرێنەوەو بەپێی كات و شایستەیی ئەفسەران خشتەی پلە بەرزكردنەوە كاری لەسەر دەكرێت.


