
واژۆ
رۆژنامەی “وۆڵ ستریت جۆرناڵ”ی ئەمریكی بڵاویكردووەتەوە، بومەلەرزە وێرانكەرەكەی توركیا و سوریا زیانێكی زۆری ئابوریی بەدواوە بووە و تەنها توركیا زیانی 84 ملیار دۆلاری بەركەوتووە، ئەوەش لەكاتێكدایە ئابوریی ئەو وڵاتە لە بنەڕەتدا لە پاشەكشەدایە.
رۆژنامەكە ئاماژەی بەوەداوە، بومەلەرزەكە چەندین ناوچەی پیشەسازی گرنگی لە توركیا وێران كردووە بەتایبەتی لە شارەكانی “كەهرەمان مەرعش” و “غازی عەنتاب”، كە لەو ناوچانەوە هەموو شتێك هەناردە دەكرا، هەر لە جلوبەرگەوە تاوەكو ماركە بازرگانیەكان و زێڕ و خشڵ و قاپ و قاچاخ و ئاسن، هەروەها ژێرخانی كشتوكاڵی ئەو وڵاتە وێران كردووە بەتایبەتی لە بواری بەرهەمهێنانی میوە و سەوزە و دانەوێڵە و تۆو.
وۆڵ ستریت جۆرناڵ هێمای بۆ ئەوەش كردووە، بومەلەرزەكە 84 ملیار دۆلار زیانی لە توركیا داوە، ئەوەش واتای 10%ی ئابوریی توركیا بە تەواوەتی، ئەوەش زیاترە لەو بومەلەرزەیەی كە لە ساڵی 1999 بەشێكی ئیستانبوڵی وێرانكرد، بەشێوەیەكی گشتی بومەلەرزەكە ئەو قەیرانەی قوڵتر كردەوە كە ئابوریی توركیا پێوە دەناڵێنێت و 20 ساڵ بەرەوپێشچوونی ئابوریی هەڵوەشاندەوە.


