
واژۆ
بەپێی راپۆرتێك، بڕیارە لە زانكۆكانی سعودیەدا وەرزشی یۆگا بناسێنرێت و لە سیستمی خوێندندا كاری پێبكرێت، ئەوەش بەهۆی گرنگییەكەیەتی بۆ تەندروستی دەرونی و جەستەیی.
بە وتەی نوف ئەلمەروای سەرۆكی لیژنەی یۆگای سعودیە، لە چەند مانگی داهاتودا چەندین رێككەوتن لەگەڵ زانكۆ گەورەكانی سعودیە واژۆ دەكرێت بۆ پشتگیریكردن و بەرەوپێشبردنی یۆگا، لیژنەكەیان هەوڵێكی زۆر دەدات بۆ ناساندنی یۆگا لە زانكۆكاندا هەروەها جەختی لەسەر گرنگی پراكتیزەكردنی بۆ تەندروستی كردۆتەوە.
ئەلمەروای راشیگەیاندوە، یۆگا چەندین سودی تەندروستی دەبەخشێت بۆ باشبونی جەستەیی و دەرونی، هەروەها تەنها چڕكردنەوەی دەرون و بیركردنەوەكان و پشودان نیە وەك هەندێك پێیانوایە، بەڵكو لەپێش ئەوەوە مەشقی دۆخی (ئاسانا)یە كە بریتییە لە جوڵەكانی ناو یۆگا، هەروەها تەكنیكەكانی هەناسەدان و كۆنترۆڵكردنی ماسولكەكان لەخۆدەگرێت.
باسی لەوەشكردوە، یەكێك لە گرنگترین پایەكانی بەدەستهێنانی دیدگای ساڵی 2030 بریتیە لە بەرزكردنەوەی بەشداریكردن لە چالاكییە وەرزشییەكانداو بەدەستهێنانی بەرەوپێشبردنی وەرزشە لەسەر ئاستی ناوخۆ و كیشوەرو دواتر لە ئاستی نێودەوڵەتیدا.