
واژۆ
ئەمریكا و دەوڵەتانی ئەوروپا نیگەرانن لەوەی كە ئێران زۆر نزیكبووەتەوە لە بەدەستهێنانی چەكی ئەتۆمی و داوای رونكردنەوە لە تاران دەكەن.
بەپێی راپۆرتەكان، ئەو وڵاتاننە پێیان وایە رێژەی پیتاندنی یۆرانیۆم لە ئێران گەیشتووەتە 84%، ئەوەش زۆر نزیكە لە رێژەی بەدەستهێنانی چەكی ئەتۆمی، بۆیە پێویستە تاران رونكردنەوە لەو بارەیەوە بدات.
پێشتریش ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆم ئاماژەی بەوەدابوو، لە وێستگەی “فۆردۆ” یۆرانیۆمی پیتێنراو بە رێژەی 83.7% دۆزراوەتەوە، ئەوەش لەكاتێكدایە ئێران جەختی لەوە كردبووەوە كە بە رێژەی 60% یۆرانیۆم دەپیتێنێت.
رێژەی پیتاندنی یۆرانیۆم بۆ بەدەستهێنانی چەكی ئەتۆمی 90%یە، ئاژانسی رۆیتەرزیش ئەوەی ئاشكرا كردووە، نازانرێت بەرزكردنەوەی رێژەكە بە مەبەست بووە یاخودنا، بەڵام تاران گۆڕانكاری بنەڕەتی لە ئامێرەكانیدا كردووە.
ئەمریكا لە كۆبونەوەی ئەنجومەنی پارێزگارانی ئاژانسی وزەی ئەتۆمی لە بەیاننامەیەكدا جەختی لەوە كردووەتەوە، پێویستە سەرجەم ئەندامانی ئەنجومەنەكە هەست بەنیگەرانی بكەن بەهۆی ئەو گەشەسەندنەی مەترسیدارەی رویداوە.