
واژۆ
بەشی پێشبینی و كەشوهەوا لە وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندن بڵاویكردووەتەوە، بەپێی پێشبینییەكان بارانبارین لە ناوچەكانی هەرێم بەردەوام دەبێت و ئەگەری بەفربارینێكی كەمیش لە ناوچە شاخاوییەكانی باكوری رۆژهەڵات هەیە.
بەشی پێشبینییەكان بڵاویكردووەتەوە، ئەمڕۆ پێشنجشەممە ئاسمان لە زۆربەی ناوچەكان هەور دەبێت، لەگەڵ ئەگەری دابارینی نمەباران لە زۆربەی ناوچە شاخاویەكاندا، هەروەها پێشبینی بەفرێكی كەم لەناوچە شاخاویە سنوریەكانی باكوری خۆرهەڵاتی هەرێم و نمەبارانی كەم بۆ شارەكانی هەولێر و دهۆك دەكرێت.
ئەوەش هاتووە، سەبارەت بە ناوچەكانی رۆژهەڵاتی هەرێم و پارێزگای سلێمانی و دەوروبەری كاریگەری دابارین بەشێوەی لێزمە باران و بروسكە بەردەوامی دەبێت تاكو كاتەكانی ئێوارە، پێشبینی دەكرێ رێژەیەكی زۆر باران لەم ناوچەیە ببارێت و لەكاتەكانی ئێوارە كاریگەری ئەم شەپۆلە دابارینەی كە هەندێك لەناوچەكانی هەرێم گرتبوەوە لاواز دەبێت و كەش لە زۆربەی ناوچەكان جیگیر دەبێتەوە.
هەرچی سەبارەت بە كەشوهەوا هەینییە باس لەوەكراوە، ئاسمان بەگشتی لەنێوان هەور و نیمچە هەور دەبێن و ئەگەری كەمێك نمەباران هەیە بەتایبەتی لەناوچە شاخاویە سنوریەكانی باكور و باكوری خۆرهەڵات ، پەلەكانی گەرما بەراورد بە تۆماركراوەكانی ئەمڕۆ “1 بۆ 3” پلە بەرز دەبنەوە.