واژۆ
ئیلۆن مەسك ملیاردێری ئەمریكی و خاوەنی تۆڕی كۆمەڵایەتی تویتەر، سورە لەسەر ئەوەی تۆڕەكەی بكات بە پارە و پێی وایە، ئەو تۆڕە كۆمەڵایەتییانەی بێبەرامبەرن لە كۆتاییدا دەڕووخێن.
مەسك لە دانیشتنێكی تایبەت بە پرسیار و وەڵام سەبارەت بە تۆڕەكەی كە چیتر بێبەرامبەر نابێت و پێویستە بەكارهێنەران پارە بدەن رایگەیاند، ئەو تۆڕە كۆمەڵایەتیانەی بێبەرامبەرن لە كۆتاییدا روبەڕووی مەترسی داڕووخان دەبنەوە، ئەوەش بەهۆی زۆری ئەكاونتە ساختەكانەوە.
باسی لەوەش كردووە، ئاڵنگاری گەورە لێرەدا ئەوەیە كە تەنها لە رێگەی كۆمپیوتەرێكەوە و بە زیرەكییەكی دەستكرد دەتوانرێت هەزارەها و سەدان هەزار ئەكاونتی ساختە دروست بكرێت بە ئاسانی، بۆیە باشترین رێگە ئەوەیە كە بەكارهێنەر ژمارەی مۆبایل و هەژماری بانكیەكەی داخڵ بكات، ئەو تۆڕەی ئەو رێگەیە پەیڕەو نەكات دەڕووخێت.
دوای ئەوەی ئیلۆن مەسك بووە خاوەنی تویتەر، نرخی ئەو تۆڕە كۆمەڵایەتییە بەشێوەیەكی بەرچاو دابەزی، پێشتریش بڕیاریدا كە دانانی هێمای متمانە “كە بە سەحە شینەكە” ناسراوە هەركەس بیەوێت بتوانێت بە پارە بەدەستی بهێنێت، دوای ئەو بڕیارە هەزارەها ئەكاونتی ساختە بەناوی كەسایەتییە دیارەكان هێمای متمانەیان كڕی، تەنانەت ژمارەیەكیان بەناوی “ئیلۆن مەسك” خۆیەوە بوون، بۆیە هەر زوو لەو بڕیارە پەشیمان بویەوە.