واژۆ
سۆران غەفوور بەڕێوەبەری ژووری چاودێریی بازرگانیی سلێمانی ئاشكرای كرد، نرخی ئارد دابەزینی بەخۆیەوە بینیوە بۆیە نرخی نان و سەموون وەك پێشتر هەرزان دەكرێتەوە.
سۆران غەفوور بە میدیاكانی وتووە، بە دەستپێشخەریی ژمارەیەك لە خاوەن نانەوا و سەموونخانەكان نرخی نان و سەموون هەرزان كرا، ئەوەش دوای ئەوەی لە دوو هەفتەی رابردودا نرخی جۆرەكانی ئارد لە بازاڕدا دابەزیوە.
هێمای بۆ ئەوەش كردووە، نرخی فەردەیەك ئاردی توركی لە 51 هەزارەوە بووەتە 39 هەزار و فەردەیەك ئاردی روسیش لە 43 هەزارەوە بووەتە 34 هەزار دینار، هەروەها فەردەیەك ئاردی بەشە خۆراكیش لە 34 هەزارەوە بووەتە 23 هەزار.
بەڕێَوەبەری ژووری بازرگانی سلێمانی جەختی لەوەش كردووەتەوە، لە سبەینێوە نرخی سەموون و نان دادەبەزێت و 8 نان بە كێشی 100 بۆ 110 گرام دەبێتە هەزار دینار و 6 نانیش بە كێشی 125 گرام دەبێتە هەزار دینار، بۆ سەمونیش بەپێی جۆرەكان و كێشیان نرخەكانیان دادەبەزێت، هەركەسێكیش پابەند نەبێت سزا دەدرێت.